31
قوڕبەسەر ئەوانەی پشت بە میسر دەبەستن
1 قوڕبەسەر ئەوانەی دادەبەزن بۆ میسر بۆ یارمەتی،
پشت بە ئەسپ دەبەستن،
متمانە بە زۆری گالیسکە و
هێزی لە ڕادەبەدەری سوارەکانیان دەکەن،
بەڵام پشتیان بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل نەبەست و
داوای یەزدانیان نەکرد.
2 ئەویش هەروەها دانایە و کارەسات دەهێنێت،
لە وشەی خۆی با ناداتەوە.
هەڵدەستێتە سەر ماڵی خراپەکاران و
بۆ سەر یارمەتیدەری ستەمکاران.
3 بەڵام میسرییەکان مرۆڤن نەک خودا،
ئەسپەکانیان جەستەیین نەک ڕۆح.
کاتێک یەزدان دەستی درێژ دەکات،
یارمەتیدەر ساتمە دەکات و
یارمەتیدراو دەکەوێت،
هەموو پێکەوە لەناودەچن.
4 ئێستا یەزدان ئەمەم پێ دەفەرموێت:
«وەک شێر و بەچکە شێر دەنەڕێنێت
بەسەر نێچیرەکەیەوە،
ئەوەی کۆمەڵە شوان
هاواری لێ دەکەن،
لە دەنگیان ناترسێت و
لە هاتوهەرایان ناشڵەژێت،
ئاواش یەزدانی سوپاسالار دادەبەزێت
بۆ شەڕکردن لەسەر کێوی سییۆن و لەسەر گردەکانی.
5 وەک باڵندە فڕیوەکان،
ئاوا یەزدانی سوپاسالار پارێزگاری لە ئۆرشەلیم دەکات،
پارێزگاری دەکات و فریادەکەوێت،
بەسەریدا تێدەپەڕێت*بڕوانە دەرچوون 12:12-13. و دەربازی دەکات.»
6 بگەڕێنەوە لای ئەوەی نەوەی ئیسرائیل بە قووڵی لێی هەڵگەڕانەوە، 7 چونکە لەو ڕۆژەدا هەرکەسە و بتە زێڕ و زیوەکانتان ڕەت دەکەنەوە، ئەوەی دەستە گوناهبارەکانتان دروستی کردن.
8 «ئاشور دەکەوێت، بەڵام بە شمشێری مرۆڤ نا،
شمشێری ئادەمیزاد نییە کە دەیخوات.
جا لە ڕووی شمشێر هەڵدێت و
گەنجەکانی بۆ بێگاری دەبن.
9 قەڵاکەیان لە ترسان دەکەوێت،
میرەکانیشی لە ئاڵا دەترسن،»
یەزدان دەفەرموێت،
ئەوەی ئاگری هەیە لە سییۆن و
تەنووری هەیە لە ئۆرشەلیم.