5
بەڵێنی دەرکەوتنی فەرمانڕەوایەک لە بێتلەحمەوە
1 ئەی شاری سوپاکان، سوپاکانی خۆت کۆبکەرەوە،
چونکە گەمارۆ دراوین.
بە گۆچان لە ڕوومەتی
ڕابەری ئیسرائیل دەدەن.
2 «بەڵام تۆ ئەی بێتلەحمی ئەفراتە،
هەرچەندە لەنێو شارۆچکەکانی*یان: هۆزەکانی یەهودا. یەهودا بچووکیت،
بەڵام یەکێک لە تۆوە بۆ من دەردەکەوێت
ئەوەی دەبێتە فەرمانڕەوای ئیسرائیل،
ڕەچەڵەکی لە دێرزەمانەوەیە،
لە ئەزەلەوەیە.»
3 لەبەر ئەوە یەزدان گەلەکەی خۆی ڕادەستی دوژمن دەکات
هەتا ئەو کاتەی ئەوەی ژانی گرتووە منداڵی دەبێت،
پاشماوەی براکانیشی دەگەڕێنەوە
بۆ لای نەوەی ئیسرائیل.
4 جا دەوەستێت و شوانایەتی گەلەکەی دەکات
بە هێزی یەزدان،
بە باڵادەستیی ناوی یەزدانی پەروەردگاری خۆی.
جا بە ئاسوودەیی دەژین،
چونکە لەو کاتە مەزنایەتی دەگاتە ئەوپەڕی زەوی.
5 ئەو دەبێتە ئاشتی ئێمە،
کاتێک ئاشور هێرش بکاتە سەر خاکەکەمان و
پێ بنێتە ناو قەڵاکانمان.
حەوت شوانی لەسەر دادەنێین،
لەگەڵ هەشت میر.
6 بە شمشێر شوانایەتی خاکی ئاشور دەکەن و
خاکی نەمرودیش بە شمشێری هەڵکێشراو.
بەڵام لە ئاشور دەربازمان دەکات،
کاتێک هێرش دەکاتە سەر خاکەکەمان و
کاتێک پێ دەنێتە سنوورەکانمان.
7 پاشماوەی یاقوب
لەنێو چەندین گەل دەبێت،
وەک شەونم لەلایەن یەزدانەوە،
وەک بارانی بە لێزمەی سەر گژوگیا،
ئەوەی چاوەڕوانی مرۆڤ ناکات و
بۆ ئادەمیزاد ناوەستێت.
8 پاشماوەی یاقوب لەنێو نەتەوەکان،
لەنێو چەندین گەل،
وەک شێر لەنێو دڕندەکانی دارستاندا،
وەک جوانە شێر لەنێو ڕانە مەڕدا،
ئەوەی بپەڕێتەوە دەیشێلێت و پەلاماری دەدات،
کەس نییە لە دەستی دەربازی بکات.
9 دەستت بەسەر ناحەزانت زاڵ دەبێت و
هەموو دوژمنەکانت لەناودەچن.
10 یەزدان دەفەرموێت:
«لەو ڕۆژەدا ئەسپەکانت لەنێو خۆت لەناودەبەم و
گالیسکەکانت ڕیشەکێش دەکەم.
11 شارەکانی خاکەکەت لەناودەبەم و
هەموو قەڵاکانت تێکدەدەم.
12 ئەو جادووگەرییەی کە دەیکەیت لەناوی دەبەم و
لەمەودوا ناتوانیت نوشتە بکەیت.
13 بتە داتاشراوەکانت لەناودەبەم و
لەگەڵ هەموو بەردە تەرخانکراوەکانت†بەردی بە ستوونی دانراو بۆ پەرستن. بڕوانە دواوتار 16:21-22. لەناوەڕاستت،
ئیتر کڕنۆش نابەیت
بۆ دەستکردی دەستەکانت.
14 ستوونە ئەشێراکانت‡ستوونە ئەشێرا: هێمای خواژنە. بڕوانە یەکەم پاشایان 11:5. لەنێوتدا هەڵدەکێشم و
شارەکانت وێران دەکەم.
15 بە تووڕەیی و هەڵچوونەوە تۆڵە دەکەمەوە
لەو گەلانەی گوێڕایەڵی من نەبوون.»
*5:2 یان: هۆزەکانی یەهودا.
†5:13 بەردی بە ستوونی دانراو بۆ پەرستن. بڕوانە دواوتار 16:21-22.
‡5:14 ستوونە ئەشێرا: هێمای خواژنە. بڕوانە یەکەم پاشایان 11:5.