زەبووری 85
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.
1 ئەی یەزدان، تۆ لە زەوی خۆت ڕازیت،
دیلەکانی یاقوبت گێڕاوەتەوە.
2 لە تاوانەکانی گەلەکەت خۆشبوویت،
هەموو گوناهەکانیت داپۆشیوە.*لە دەقی عیبری لێرە وشەی سەلاە هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.
3 هەموو تووڕەیی خۆتت گرتەوە،
لە جۆشانی تووڕەییت گەڕایتەوە.
4 ئەی خودای ڕزگاریمان، بمانگەڕێنەوە،
تووڕەیی خۆتمان لەسەر لابدە.
5 ئایا هەتاهەتایە لێمان تووڕە دەبیت؟
نەوە دوای نەوە درێژە بە تووڕەییت دەدەیت؟
6 ئایا تۆ ناگەڕێیتەوە هەتا زیندوومان بکەیتەوە،
بۆ ئەوەی گەلەکەت پێت شاد بێت؟
7 ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتمان پیشان بدە،
ڕزگاریی خۆتمان پێ ببەخشە.
8 ئەوەی خودای پەروەردگار دەیڵێت، گوێی لێ دەگرم،
چونکە بەڵێنی ئاشتی دەدات بە گەلەکەی و بۆ خۆشەویستانی،
بەڵام با نەگەڕێنەوە سەر گێلایەتی.
9 بێگومان ڕزگارییەکەی لەو کەسانە نزیکە کە لێی دەترسن،
بۆ ئەوەی شکۆمەندییەکەی لە خاکی ئێمەدا نیشتەجێ بێت.
10 خۆشەویستی نەگۆڕ و ڕاستی بە یەک گەیشتوون،
ڕاستودروستی و ئاشتی یەکتری ماچ دەکەن†تایبەتمەندی دیاری خودا، پاشایەتی خودا لەسەر زەوی و دڵی مرۆڤ دادەمەزرێت..
11 ڕاستی لە زەوییەوە دەڕوێت و
ڕاستودروستی لە ئاسمانەوە سەر دەردێنێت.
12 هەروەها یەزدان چاکە دەبەخشێت و
زەوی ئێمەش دەغڵودان دەدات.
13 ڕاستودروستی لەپێشی دەڕوات،
ڕێگای بۆ خۆش دەکات.
*زەبووری 85:2 لە دەقی عیبری لێرە وشەی سەلاە هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.
†زەبووری 85:10 تایبەتمەندی دیاری خودا، پاشایەتی خودا لەسەر زەوی و دڵی مرۆڤ دادەمەزرێت.