9
ئایا بەڵێنەکانی خودا نایەنە دی؟
1 مەسیح شایەتمە کە ڕاستی دەڵێم و درۆ ناکەم، ویژدانیشم بە ڕۆحی پیرۆز ئەوە دووپات دەکاتەوە، 2 کە زۆر دڵتەنگم و ئازارێکی بێ بڕانەوەم لە دڵدایە. 3 خۆزگە خۆم نەفرەتم لێ بکرایە و لە مەسیح بێبەش بوومایە، لە پێناوی برایانم، هاونەژادەکانم، 4 ئیسرائیلییەکان. لەخۆگرتنەوە*بڕوانە 8:15، 23. و شکۆ و پەیمانەکان و وەرگرتنی تەورات و ڕێوڕەسمەکانی پەرستن†پەرستن لەناو پەرستگای ئۆرشەلیم. و بەڵێنەکان هی ئەوانە. 5 باوکانیش هی ئەوانن و مەسیحیش بەگوێرەی جەستە لەوانەوە هاتووە، ئەوەی لە سەرووی هەمووانە، هەتاهەتایە خودایەکی پیرۆزە! ئامین.
6 واتای ئەوە نییە کە فەرمایشتی خودا کاریگەری نەماوە، چونکە هەموو ئەوانەی لە نەوەی ئیسرائیلن، گەلی هەڵبژێردراوی خودا‡گەلی هەڵبژێردراوی خودا: گەلی ئیسرائیل. نین. 7 هەروەها هەموو ئەوانەی نەوەی ئیبراهیمن، منداڵی ئەو نین، بەڵکو: [لە ڕێگەی ئیسحاقەوە نەوەی تۆ ناودەبردرێت.]§پەیدابوون 21:12. 8 واتە ئەو منداڵانەی کە بە خواستی مرۆڤانە بوون، منداڵی خودا نین، بەڵکو ئەو منداڵانەی کە بە بەڵێنی خودا بوون، ئەوانە بە نەوەی ئیبراهیم دادەنرێن، 9 چونکە وتەی بەڵێنەکە ئەمەیە: [لە کاتی دیاریکراو دێمەوە و ساراش کوڕێکی بووە.]*پەیدابوون 18:10،14.
10 نەک تەنها ئەمە، بەڵکو ڕڤقەش لە یەکێک سکی کرد کە ئیسحاقی باوکمانە. 11 بۆ ئەوەی خواستی خودا لە هەڵبژاردندا بچەسپێت کە بە کردار نییە، بەڵکو بەو بانگهێشتەیە کە خۆی دەیکات، بەر لەوەی لەدایک بن و چاکە و خراپە بکەن، 12 خودا بە دایکیانی فەرموو: [گەورەکە خزمەتی بچووکەکە دەکات.]†پەیدابوون 25:23. 13 وەک نووسراوە: [یاقوبم خۆشویست بەڵام ڕقم لە عیسۆ بووەوە.]‡مەلاخی 1:2،3.
بەزەیی خودا
14 کەواتە چی بڵێین؟ ئایا خودا دادپەروەر نییە؟ حاشا! 15 چونکە بە موسا دەفەرموێ:
[میهرەبان دەبم لەگەڵ ئەوەی میهرەبان دەبم و
بە بەزەیی دەبم لەگەڵ ئەوەی بەزەییم پێیدا دێتەوە.§وەک ئەوەی خودا بە موسا دەفەرموێت: بە ویستی خۆمە کێی بمەوێت لەگەڵی میهرەبان و بە بەزەیی دەبم.]*دەرچوون 33:19
16 کەواتە، بە ئارەزووی یەکێک و هەوڵدانی یەکێک نییە، بەڵکو لە خوداوەیە کە بەزەیی هەیە. 17 نووسراوە پیرۆزەکە بە فیرعەون دەفەرموێ: [لەبەر ئەوە تۆم هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی توانای خۆم لە تۆدا دەربخەم، تاکو لە هەموو زەویدا ناوم ڕابگەیەنرێت.]†دەرچوون 9:16 18 کەواتە خودا بەزەیی بەوە دێتەوە کە دەیەوێت و ئەوەش دڵڕەق دەکات کە دەیەوێت.
19 ئینجا پێم دەڵێی: «ئیتر بۆچی خودا هێشتا خەتابارمان دەکات؟ کێ دەتوانێت لە دژی خواستی ئەو ڕابوەستێت؟» 20 ئەی مرۆڤ تۆ کێیت وەڵامی خودا دەدەیتەوە؟ [ئایا دروستکراو بە دروستکەری دەڵێ: «بۆچی وا دروستت کردم؟»]‡ئیشایا 29:16؛ 45:9 21 ئایا گۆزەکەر دەسەڵاتی بەسەر قوڕدا نییە لە هەمان قوڕ دەفرێک بۆ ڕێزلێنان و یەکێکی دیکەش ئاسایی دروستبکات؟
22 بەڵام چی دەبێت ئەگەر خودا بیەوێت تووڕەیی دەربخات و توانای خۆی ئاشکرا بکات، بە پشوودرێژی زۆرەوە بەرگەی ئەو دەفرانەی تووڕەیی بگرێت کە بۆ لەناوبردن ئامادە کراون؟ 23 چی دەبێت ئەگەر ئەمە بکات تاکو دەوڵەمەندی شکۆی خۆی لەسەر ئەو دەفرانەی بەزەیی ئاشکرا بکات کە پێشتر بۆ شکۆمەندی ئامادەی کردوون؟ 24 لەناو ئەواندا ئێمەشی بانگکردووە، نەک تەنها لە جولەکە، بەڵکو لە نەتەوەکانیش. 25 وەک لە هۆشەعدا دەفەرموێ:
[ئەوەی گەلی من نییە ناوی دەنێم گەلی خۆم و
ئەوەی خۆشەویست نییە بە خۆشەویست،]§هۆشەع 2:23 هەروەها
26 [لەو شوێنەی پێیان گوترا:
«ئێوە گەلی من نین،»
لەوێدا «بە ڕۆڵەکانی خودای زیندوو ناودەبردرێن.»]*هۆشەع 1:10
27 ئیشایاش دەربارەی ئیسرائیل هاوار دەکات:
[ئەگەر ژمارەی نەوەی ئیسرائیل بەقەد لمی دەریا بێت،
تەنها پاشماوەیان ڕزگاری دەبێت،
28 چونکە یەزدان بە خێرایی دوا بڕیاری خۆی بەسەر زەویدا جێبەجێ دەکات.]†ئیشایا 10:22،23.
29 وەک ئیشایا پێشتر گوتوویەتی:
[ئەگەر یەزدانی سوپاسالار نەوەی بۆ نەهێشتباینایەوە،
وەک سەدۆممان‡بڕوانە پەیدابوون 18 و 19. لێ دەهات و لە عەمۆرا دەچووین.]§ئیشایا 1:9
30 کەواتە چی بڵێین؟ ئەو نەتەوانەی بۆ بێتاوانبوون کۆششیان نەکرد، بێتاوانبوونیان بەدەستهێنا، ئەو بێتاوانبوونەی بە باوەڕە. 31 کەچی ئیسرائیل بە شەریعەتی تەورات کۆششیان کرد بۆ بێتاوانبوون، بەو شەریعەتە پێی نەگەیشتن. 32 بۆچی؟ چونکە بە باوەڕ نەبوو، بەڵکو لەسەر بنچینەی کردار بوو. ئەوسا بۆیان بوو بە کۆسپ و تەگەرە و ساتمەیان لێکرد، 33 هەروەک نووسراوە:
[ئەوەتا بەردێک بۆ کۆسپ لە سییۆن دادەنێم،
تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە،
بەڵام ئەوەی پشتی پێ ببەستێت شەرمەزار نابێت.]*ئیشایا 8:14 و ئیشایا 28:16
*9:4 بڕوانە 8:15، 23.
†9:4 پەرستن لەناو پەرستگای ئۆرشەلیم.
‡9:6 گەلی هەڵبژێردراوی خودا: گەلی ئیسرائیل.
§9:7 پەیدابوون 21:12.
*9:9 پەیدابوون 18:10،14.
†9:12 پەیدابوون 25:23.
‡9:13 مەلاخی 1:2،3.
§9:15 وەک ئەوەی خودا بە موسا دەفەرموێت: بە ویستی خۆمە کێی بمەوێت لەگەڵی میهرەبان و بە بەزەیی دەبم.
*9:15 دەرچوون 33:19
†9:17 دەرچوون 9:16
‡9:20 ئیشایا 29:16؛ 45:9
§9:25 هۆشەع 2:23
*9:26 هۆشەع 1:10
†9:28 ئیشایا 10:22،23.
‡9:29 بڕوانە پەیدابوون 18 و 19.
§9:29 ئیشایا 1:9
*9:33 ئیشایا 8:14 و ئیشایا 28:16