6
وەک هاوکاری خودا لێتان دەپاڕێینەوە کە نیعمەتی خودا بێ سوود وەرمەگرن، چونکە دەفەرموێ:
﴿لە کاتی پەسەندیم گوێم لێگرتیت،
لە ڕۆژی ڕزگاریدا یارمەتیم دایت.﴾*
ئەوەتا ئێستایە کاتی پەسەندی خودا و ئێستایە ڕۆژی ڕزگاری.
خۆسەلماندنی پۆڵس
لە هیچ شتێکدا نابینە کۆسپ، نەوەک گلەیی بێتە سەر خزمەت، بەڵکو لە هەموو شتێکدا وەک خزمەتکاری خودا خۆمان دەسەلمێنین: بە دانبەخۆداگرتنی زۆرمان، لە تەنگانە، ناخۆشی و لێقەومان، لە لێدان و زیندان و ئاژاوە، ماندووبوون و شەونخونی و برسیێتی، بە پاکی و زانیاری و ئارامگرتن و نیانی، بە ڕۆحی پیرۆز و خۆشەویستی بێ دووڕوویی، لە قسەی ڕاستدا، لە هێزی خودا، بە چەکەکانی ڕاستودروستی لە دەستی ڕاست و چەپ، بە شکۆ و سووکایەتی، ناوزڕاو و ناوبانگ، کە ڕاستگۆین و وەک فێڵباز دەبینرێین، وەک نەناسراو بەڵام ناسراوین، وەک مردوو ئەوەتا زیندووین، وەک سزادراو بەڵام نەکوژراوین، 10 وەک خەمبار، بەڵام هەردەم دڵشادین، وەک هەژار بەڵام زۆران دەوڵەمەند دەکەین، وەک هیچمان نەبێت و هەرچەندە هەموو شتێکمان هەیە.
11 ئەی کۆرنسۆسییەکان، بە ڕاشکاوی قسەتان بۆ دەکەین و دڵمان فراوانە. 12 ئێمە هەست و سۆزی خۆمانتان لێ ناستێنین، بەڵکو ئێوە لە ئێمەی دەستێنن. 13 ئەمە ئاڵوگۆرکارییە، وەک بۆ منداڵانم دەدوێم، ئێوەش دڵتان بکەنەوە.
پەرستگای خودای زیندوو
14 لەگەڵ بێباوەڕان لەژێر یەک نیردا مەبن، چونکە چ هەماهەنگییەک لەنێوان ڕاستودروستی و خراپەدا هەیە؟ یاخود چ هاوبەشییەکە لەنێوان تاریکی و ڕووناکیدا؟ 15 چ ڕێککەوتنێک لەنێوان مەسیح و بەلیعالدا هەیە؟ یان باوەڕدار چ پشکێکی لەگەڵ بێباوەڕدا هەیە؟ 16 پەرستگای خوداش چ ڕێککەوتنێکی لەگەڵ بت هەیە؟ چونکە ئێمە پەرستگای خودای زیندووین، وەک خودا فەرموویەتی:
﴿تێیاندا نیشتەجێ دەبم و
لەگەڵیان دەڕۆم،
دەبم بە خودای ئەوان و
ئەوانیش دەبن بە گەلی من.﴾§
17 ﴿یەزدان دەفەرموێ:
لەبەر ئەوە لە ناوەڕاستیان بڕۆنە دەرەوە و
بەجێیان بهێڵن.
دەست لە هیچ شتێکی گڵاو مەدەن،
ئینجا وەرتاندەگرمەوە.﴾*
18 ﴿یەزدانی هەرە بەتوانا ئەمە دەفەرموێت:
من دەبمە باوکی ئێوە و
ئێوەش دەبنە کوڕ و کچی من.﴾
* 6:2 ئیشایا 49‏:8.‏ 6:14 مەبەستی لە هاوسەرگیرییە.‏ 6:15 مەبەستی لە شەیتانە.‏ § 6:16 لێڤییەکان 26‏:12 و یەرمیا 32‏:38 و حزقیێل 37‏:27‏‏.‏ * 6:17 ئیشایا 52‏:11 و حزقیێل 20‏:34‏،41‏‏.‏ 6:18 دووەم ساموئێل 7‏:8‏،14‏‏.‏