14
دەربازکردنی لوت لەلایەن ئەبرامەوە
لەو سەردەمەی کە ئەمرافەلی پاشای شینعار و ئەریۆکی پاشای ئەلاسار و کدارلاعۆمەری پاشای ئیلام و تیدعالی پاشای گۆئیم بوو، ئەم پاشایانە دژی بەرەعی پاشای سەدۆم و بیرشەعی پاشای عەمۆرا و شینئابی پاشای ئەدما و شەمێڤەری پاشای چەبۆئیم، لەگەڵ پاشای بەلەع کە شاری زۆعەرە بەرپا کرد. هەموو ئەمانە لە دۆڵی سیدیم هێزەکانیان یەکخست، کە ئێستا پێی دەگوترێت دەریای مردوو*. بۆ ماوەی دوازدە ساڵ ژێردەستەی کدارلاعۆمەر بوون، بەڵام لە ساڵی سێزدەمین لێی یاخی بوون.
لە ساڵی چواردەمین، کدارلاعۆمەر خۆی و پاشا هاوپەیمانەکانی هاتن و لە عەشترۆت قەرنەیم ڕفائییەکان و لە هام زوزییەکان و لە شاڤێ قیریاتەیم ئێمییەکانیان بەزاند. هەروەها حۆرییەکانیان لە ناوچە شاخاوییەکانی سێعیر بەزاند و هەتا ئێل پاران لە نزیک بیابان ڕۆیشتن. ئینجا گەڕانەوە و چوونە کانی میشپات کە قادێشە و بەسەر هەموو هەرێمی عەمالێقییەکاندا زاڵ بوون، هەروەها ئەمۆرییەکانیش کە نیشتەجێی حەچەچۆن تامار بوون.
ئینجا پاشاکانی سەدۆم، عەمۆرا، ئەدما، چەبۆئیم و بەلەع کە شاری زۆعەرە، هاتنە دەرەوە و لە دۆڵی سیدیم بۆ جەنگ ڕیزیان بەست، لە دژی کدارلاعۆمەری پاشای ئیلام و تیدعالی پاشای گۆئیم و ئەمرافەلی پاشای شینعار و ئەریۆکی پاشای ئەلاسار. چوار پاشا بەرامبەر بە پێنج. 10 دۆڵی سیدیم پڕ بوو لە چاڵە قیر، بۆیە هەردوو پاشای سەدۆم و عەمۆرا لە کاتی هەڵاتندا کەوتنە نێو چاڵەکانەوە، بەڵام پاشاکانی دیکە بۆ چیاکان هەڵاتن. 11 ئیتر چوار پاشاکە هەموو شتومەک و خۆراکەکانی سەدۆم و عەمۆرایان برد و ڕۆیشتن. 12 هەروەها لوتی برازای ئەبرامیان لەگەڵ هەموو شتومەکەکەیان برد کە لە سەدۆم نیشتەجێ بوو.
13 یەکێک لە دەربازبووان هات و بە ئەبرامی عیبرانی ڕاگەیاند. ئەو کاتە لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێی ئەمۆری، براکەی ئەشکۆل و عانێر، نیشتەجێ بوو. ئەمانیش لەگەڵ ئەبرام هاوپەیمان بوون. 14 کاتێک ئەبرام بیستی کە برازاکەی ڕاپێچ کراوە، بانگەوازی بۆ خزمەتکارە مەشقپێکراوەکانی دەرکرد کە لەدایکبووی ماڵەکەی بوون و سێ سەد و هەژدە کەس بوون، ئیتر هەتا شاری دان بەدوایان کەوت. 15 کە شەو داهات خۆی و پیاوەکانی دابەش بوون و هێرشی بردە سەریان و تەفروتونای کردن و هەتا حۆڤا دەریپەڕاندن، کە لە باکووری دیمەشقە. 16 جا هەموو شتومەکەکان و هەروەها لوتی برازای و شتومەکەکانی و ژنەکان و خەڵکەکەی هێنایەوە.
17 دوای گەڕانەوەی ئەبرام لە بەزاندنی کدارلاعۆمەر و پاشاکانی دیکەی هاوپەیمانی، پاشای سەدۆم لە دۆڵی شاڤێ کە دۆڵی پاشایە بۆ پێشوازیکردنی هاتە دەرەوە.
18 مەلکیسادقی پاشای شالیمیش§ کە کاهینی خودای هەرەبەرز بوو، نان و شەرابی بۆ ئەبرام هێنا. 19 ئینجا داوای بەرەکەتی بۆ کرد و گوتی:
«با خودای هەرەبەرز، دروستکەری ئاسمان و زەوی،
ئەبرام بەرەکەتدار بکات.
20 ستایش بۆ خودای هەرەبەرز
کە دوژمنەکانتی دایە دەستت.»
ئەبرامیش دەیەکی هەموو شتێکی پێدا.
21 ئینجا پاشای سەدۆم بە ئەبرامی گوت: «خەڵکەکە بدە من و شتومەکەکانیش بۆ خۆت ببە.»
22 بەڵام ئەبرام بە پاشای سەدۆمی گوت: «سوێندم خواردووە بۆ یەزدانی پەروەردگاری هەرەبەرز، دروستکەری ئاسمان و زەوی، 23 کە لە ماڵ و سامانی تۆ هیچ شتێک نەبەم، تەنانەت تاڵە دەزووێک یان ئاوزەنگێکی* پێڵاو، بۆ ئەوەی هەرگیز نەڵێیت: ”من ئەبرامم دەوڵەمەند کرد.“ 24 تەنها ئەوە نەبێت کە هەرزەکارەکان خواردوویانە، بەشەکەی ئەو پیاوانەش کە لەگەڵم هاتن، عانێر و ئەشکۆل و مەمرێ. با ئەوانیش بەشی خۆیان وەربگرن.»
* 14:3 دەریای مردوو: عیبری: دەریای خوێ.‏ 14:6 حۆرییەکان: گەلی ڕەسەنی نیشتەجێی سێعیر بوون کە دواتر لەلایەن عیسۆوە لەناودەبردرێن.‏ 14:13 عیبرانی: واتە لە نەوەی عێبەرە. ئەمە یەکەم جارە پێی دەگوترێ عیبرانی.‏ § 14:18 شالیم واتە (ئۆرشەلیم).‏ * 14:23 ئاوەزێنە‏