16
هاجەر و ئیسماعیل
سارایی ژنی ئەبرام هیچ منداڵی بۆ ئەبرام نەبوو، بەڵام کەنیزەیەکی میسری هەبوو ناوی هاجەر بوو. سارای بە ئەبرامی گوت: «یەزدان ڕێی منداڵبوونی لێ گرتووم. لەگەڵ کەنیزەکەم سەرجێیی بکە، بەڵکو لەوەوە منداڵم بۆ ببێت.»
ئەبرامیش بە قسەی سارایی کرد. ئینجا پاش دە ساڵ لە نیشتەجێبوونی ئەبرام لە خاکی کەنعان، سارایی ژنی ئەبرام هاجەری کەنیزە میسرییەکەی هێنا و دایە ئەبرامی مێردی تاکو ببێتە ژنی. ئیتر لەگەڵ هاجەر سەرجێیی کرد و ئەویش سکی پڕ بوو.
کاتێک کە زانی سکی هەیە، خانمەکەی خۆی لەبەرچاو سووک بوو. ئینجا سارای بە ئەبرامی گوت: «تۆ بەرپرسی لەو سووکایەتییەی بە من دەکرێت. من کەنیزەکەی خۆمم خستە باوەشی تۆ، ئێستاش کە زانی سکی هەیە، لەبەرچاویدا سووک بووم. با یەزدان دادوەریی نێوان من و تۆ بکات.»
ئەبرامیش بە سارایی گوت: «وا کەنیزەکەت لەبەردەستی خۆتدایە، چیت پێ باشە وای لێ بکە.» ئیتر سارای ئەوەندە بەدڕەفتاری لەگەڵ هاجەر کرد، هەتا لە دەستی هەڵات.
ئینجا فریشتەی یەزدان لە چۆڵەوانی هاجەری لەسەر کانییەک دۆزییەوە؛ ئەو کانییەی کە لەسەر ڕێگای شوورە. فەرمووی: «ئەی هاجەری کەنیزەی سارای، لەکوێوە هاتوویت و بۆ کوێ دەچیت؟»
ئەویش گوتی: «لەدەست سارایی خانمم ڕامکردووە.»
فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو: «بگەڕێوە لای خانمەکەت و ژێردەستەی بە.» 10 هەروەها پێی فەرموو: «وەچەکانت بێ ئەندازە زۆر دەکەم کە لەبەر زۆرییان لە ژماردن نەیەن.»
11 دیسان فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو:
«ئێستا سکت پڕە،
کوڕێکت دەبێت،
ناوی دەنێیت ئیسماعیل،
چونکە یەزدان گوێی لە زەلیلیی تۆ بوو.
12 ئەو دەبێتە مرۆڤێک وەک کەرەکێوی* لێ دێت.
دەستی لە دژی هەموو کەسێک دەبێت و
دەستی هەموو کەسێکیش لە دژی ئەو.
دەبێتە نەیاری هەموو براکانیشی.»
13 ئینجا ئەم ناوەی لە یەزدان نا کە لەگەڵیدا دوا، «تۆ ئەو خودایەی کە دەبینیت،» چونکە هاجەر گوتی: «ئا لێرەشدا ئەوم بینی کە دەمبینێت.» 14 لەبەر ئەمەشە کە ئەو بیرە بە «بیری لەحەی ڕۆئی» ناونراوە، ئێستاش وا لەنێوان قادێش و بەرەدە.
15 ئیتر هاجەر کوڕێکی بۆ ئەبرام بوو، ئەبرامیش ئەو کوڕەی ناو نا ئیسماعیل. 16 ئەبرام تەمەنی هەشتا و شەش ساڵ بوو کاتێک هاجەر ئیسماعیلی بۆ ئەبرام بوو.
* 16:12 مەبەستی لە سووکایەتی نییە، بەڵکو باسی ئاکاری کەرەکێوی دەکات لە بەهێزی و سەربەستی و سەربەخۆیی ژیانی.‏ 16:14 لەبەر ئەوەی ئاوی کانییەکە نەما پێویست بوو کە بیرێک لێ بدەن بۆ ئەوەی بگەنە ئاوەکە.‏ 16:14 قادێش: بڕوانە پەیدابوون 14:7.‏