2
ڕۆژی حەوتەم: کۆتایی بەدیهێنان
1 بەم شێوەیە ئاسمان و زەوی و هەرچی تێیاندا ڕێکخرابوو تەواو کران.
2 ئیتر خودا لە ڕۆژی حەوتەم لەو کارەی کە کردبووی تەواو ببوو. خودا لە ڕۆژی حەوتەم لە هەموو کارەکانی پشووی دا*. 3 خودا ڕۆژی حەوتەمی بەرەکەتدار و پیرۆز کرد، چونکە تێیدا کۆتایی بە هەموو کارێکی بەدیهێنان هێنا.
ئادەم و حەوا
4 ئەمانەش ڕێکخستنەکانی ئاسمان و زەوین کاتێک بەدی هێنران، لەو ڕۆژەی یەزدانی پەروەردگار زەوی و ئاسمانی دروستکرد.
 
5 هیچ دەوەنێکی کێڵگە لەسەر زەوی نەبوو، هەروەها هیچ ڕووەکێکی کێڵگەش سەری دەرنەکردبوو، چونکە هێشتا یەزدانی پەروەردگار بارانی بەسەر زەویدا نەباراندبوو. هیچ مرۆڤێکیش نەبوو ئیشی جوتیاری بکات. 6 بەڵام تەم لە زەوییەوە سەردەکەوت و هەموو ڕووی زەوی ئاو دەدا. 7 جا یەزدانی پەروەردگار پیاوی لە خۆڵی زەوی† دروستکرد و هەناسەی ژیانی فووکردە کونە لووتی. بەمەش پیاوەکە بووە گیانێکی زیندوو.
8 ئینجا یەزدانی پەروەردگار باخچەیەکی لە عەدەن، لە ڕۆژهەڵاتدا چاند. لەوێش پیاوەکەی دانا کە دروستی کردبوو. 9 یەزدانی پەروەردگار هەموو ئەو جۆرە درەختانەی کە لەبەرچاو جوان بوون و بۆ خواردن خۆش بوون لە زەویدا گەشەی پێکرد. درەختی ژیانیش لە ناوەڕاستی باخچەکەدا بوو، هەروەها درەختی زانینی چاکە و خراپە.
10 ڕووبارێک لە عەدەنەوە سەرچاوە دەگرێت و لەبەری دەڕوات بۆ ئاودانی باخچەکە، لەوێوە دەبێت بە چوار لقەوە: 11 ناوی یەکەمیان پیشۆنە کە بە هەر چوار لای هەموو زەوی حەڤیلادایە، کە زێڕی لێیە. 12 زێڕی ئەو زەوییە چاکە، هەروەها سرێشی‡ داری بۆن خۆش و بەردی عاشقبەندیشی لێیە. 13 ناوی ڕووباری دووەمیان گیحۆنە، کە بە شێوەی پێچاوپێچ بە هەموو خاکی کوشدا§ دەڕوات. 14 ناوی ڕووباری سێیەم دجلەیە،* ئەمیش بە ڕۆژهەڵاتی شاری ئەشووردا† دەڕوات. ڕووباری چوارەمیش فوراتە.
15 یەزدانی پەروەردگار پیاوەکەی هێنا و لە باخچەی عەدەن داینا، بۆ ئیشی جوتیاری و بایەخ پێدانی. 16 یەزدانی پەروەردگار فەرمانی بە پیاوەکە دا و فەرمووی: «تۆ ئازادیت لە هەموو درەختەکانی باخچەکە بخۆیت، 17 بەڵام بۆت نییە لە درەختی زانینی چاکە و خراپە بخۆیت، چونکە ئەو ڕۆژەی لێی بخۆیت بێگومان دەمریت.»
18 یەزدانی پەروەردگار فەرمووی: «باش نییە بۆ پیاو بە تەنها بێت. یاریدەرێکی هاوشانی بۆ دروستدەکەم.»
19 یەزدانی پەروەردگار هەر لە خۆڵی زەوی هەموو ئاژەڵی کێوی و هەموو باڵندەکانی ئاسمانی دروستکرد. ئینجا بۆ پیاوەکەی هێنا بۆ ئەوەی ببینێت چ ناوێکیان لێ دەنێت، هەر ناوێک کە پیاوەکە لە هەریەک لەم بوونەوەرە زیندووانەی نا، ئەوە ناوەکەی بوو. 20 پیاوەکە ناوی لە هەموو ئاژەڵی ماڵی و باڵندەی ئاسمان و ئاژەڵی کێوی نا.
بەڵام بۆ پیاوەکە‡ هیچ یاریدەرێکی هاوشان نەدۆزرایەوە. 21 لە ئەنجامدا یەزدانی پەروەردگار پیاوەکەی خستە خەوێکی قووڵەوە. کاتێک خەوتبوو، یەکێک لە پەراسووەکانی دەرهێنا و شوێنەکەی بە گۆشت بۆ پڕکردەوە. 22 ئینجا یەزدانی پەروەردگار ئافرەتێکی لەو پەراسووە دروستکرد کە لە پیاوەکەی وەرگرتبوو، جا هێنای بۆ لای پیاوەکە.
23 پیاوەکە گوتی:
«ئێستا ئەمە ئێسکێکە لە ئێسقانەکانم و
گۆشتە لە گۆشتم.
ئەمە ناودەبردرێت بە ”ئافرەت“§
چونکە لە پیاوەوە وەرگیراوە.»
24 لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت، ئیتر دەبنە یەک جەستە.
25 پیاوەکە و ژنەکەی هەردووکیان ڕووت بوون، شەرمیشیان نەدەکرد.
* 2:2 وشەی شەباتی عیبری لە بنەڕەتدا بە واتای دەستهەڵگرتن لە کارێک لەدوای تەواوکردنی کارەکە دێت، هەروەها بە واتای پشوودان دێت.‏ † 2:7 لە زمانی عیبری بە پیاو دەگوترێت ئادام‏، کە نزیکە لە وشەی ئەداما‏ کە بە واتای زەوی دێت.‏ ‡ 2:12 شیلەیەکی لینجە لە هەندێک دارودرەخت دەردەچێت، کاتێک بریندار دەکرێت یان دەبڕدرێت.‏ § 2:13 دەشێت باشووری ڕۆژهەڵاتی میسۆپۆتامیا بێت.‏ * 2:14 دجلە: عیبری حیدەقەل‏ هەمان ڕووباری دجلەیە.‏ † 2:14 وڵاتی ئاشور لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دجلە بوو، بەڵام شاری ئەشوور لە کەناری ڕۆژئاوای ڕووبارەکە بوو. پاشان ناونراوە بە نەینەوا. بڕوانە پەیدابوون 10‏:11.‏‏ ‡ 2:20 بۆ پیاوەکە: بۆ ئادەم. لە زمانی عیبری بە وشەی لئادام‏ هاتووە، واتا (بۆ پیاوەکە) یان (بۆ ئادام).‏ § 2:23 ئافرەت: لە زمانی عیبری وشەی ئیش‏ بە واتای پیاوە، ئافرەتیش ئیشا‏.‏