28
ئیسحاق یاقوبی بانگکرد و داوای بەرەکەتی بۆ کرد. ئینجا فەرمانی پێدا و پێی گوت: «لەگەڵ کچی کەنعانییەکان هاوسەرگیری مەکە. هەستە بڕۆ بۆ پەدان ئارام* بۆ ماڵی بتوئێلی باوکی دایکت، لەوێ لە کچەکانی لابانی برای دایکت ژنێک بۆ خۆت بخوازە. با خودای هەرە بەتوانا بەرەکەتدار و بەردار و زۆرت بکات، هەتا دەبیتە کۆمەڵێک گەل. با خودا بەرەکەتی ئیبراهیم بە خۆت و نەوەکانت بدات، تاکو ببیتە میراتگری ئەو خاکەی کە خودا دابوویە ئیبراهیم و ئێستا تۆ وەکو بێگانە لەسەری دەژیت.» ئیتر ئیسحاق یاقوبی نارد، ئەویش چوو بۆ پەدان ئارام بۆ لای لابانی کوڕی بتوئێلی ئارامی، برای ڕڤقەی دایکی یاقوب و عیسۆ.
عیسۆ بۆی دەرکەوت کە ئیسحاق داوای بەرەکەتی بۆ یاقوب کردووە و ناردوویەتی بۆ پەدان ئارام تاکو لەوێ ژن بهێنێت، ئینجا کاتێک داوای بەرەکەتی بۆ کردووە، فەرمانی پێداوە و گوتوویەتی: «لە کچانی کەنعان ژن نەخوازیت،» ئیتر یاقوبیش گوێڕایەڵی دایک و باوکی بووە و چووە بۆ پەدان ئارام. کاتێک کە عیسۆ زانی کچە کەنعانییەکان جێی پەسەندی ئیسحاقی باوکی نین و لەلای ئەو خراپن، چوو بۆ لای ئیسماعیل و ماحەلەتی خوشکی نەبایۆت و کچی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراهیمی بەسەر ژنەکانی دیکەیدا خواست.
خەونی یاقوب لە بێت‌ئێل
10 یاقوب بیری شابەعی بەجێهێشت و بەرەو حەڕان ڕۆیشت. 11 ئیتر ڕێی کەوتە شوێنێک و لەبەر خۆرئاوابوون لەوێ مایەوە. ئینجا بەردێکی لە بەردەکانی ئەو شوێنە هێنا و خستییە ژێر سەری و ڕاکشا. 12 یاقوب خەونێکی بینی کە تێیدا پێپلیکانەیەک لەسەر زەوی ڕاگیراوە کە سەری لە ئاسمان دەدات و فریشتەکانی خودا پێیدا سەردەکەون و دێنە خوارەوە. 13 وا یەزدان وەستاوە و دەفەرموێت: «من یەزدانم، خودای ئیبراهیمی باوکت و خودای ئیسحاق. ئەو خاکەی لەسەری ڕاکشاویت دەیدەمە خۆت و نەوەکانت. 14 نەوەکەت وەک خۆڵی زەوی دەبێت، بەرەو ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و باکوور و باشوور بڵاو دەبیتەوە. هەموو هۆزەکانی زەویش لە ڕێگەی تۆ و نەوەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن. 15 من لەگەڵتدام و بۆ هەر لایەک بچیت دەتپارێزم، دەشتگەڕێنمەوە بۆ ئەم خاکە، چونکە وازت لێ ناهێنم هەتا ئەوە ئەنجام نەدەم کە پێم فەرموویت.»
16 کاتێک یاقوب خەبەری بووەوە، گوتی: «بێگومان یەزدان لەم شوێنەیە، منیش نەمزانی!» 17 ترسیش دایگرت و گوتی: «ئەم شوێنە چەند ترسناکە! ئەمە هیچی دیکە نییە ماڵی خودا نەبێت، ئێرەش دەروازەی ئاسمانە.»
18 یاقوب بەیانی زوو لە خەو هەستا و ئەو بەردەی هێنا کە لەژێر سەری خۆی داینابوو بە ستوونی ڕاگیری کرد و زەیتی بەسەردا کرد. 19 ئەو شوێنەشی ناونا بێت‌ئێل، هەرچەندە پێشتر شارەکە ناوی لوز بوو.
20 یاقوب نەزرێکی کرد و گوتی: «ئەگەر خودا لەگەڵ من بێت و لەم ڕێگایە بمپارێزێت کە پێیدا دەڕۆم و نانی دامێ بیخۆم و جلوبەرگیش بیپۆشم، 21 بە سەلامەتیش گەڕامەوە لای ماڵی باوکم، ئەوا یەزدان دەبێتە خودای من. 22 ئەم بەردەش کە بە ستوونی ڕاگیرم کردووە، دەبێتە ماڵی خودا§ و هەرچییەکیشم پێ ببەخشیت ئەوا دەیەکی لێ دەبەخشم.»
* 28:2 ‏واتە باکووری ڕۆژئاوایی میسۆپۆتامیا.‏ 28:19 واتە ماڵی خودا. بڕوانە 12:8‏.‏ 28:20 نەزر: داوا لە خودا دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کارێک و پابەند دەکرێت بە مەرجێکەوە. ئەگەر خودا ئەو کارە بکات، ئەوا دەرئەنجام ئەمیش ئەو کارە ئەنجام دەدات کە پێیەوە پابەندی کردووە. بڕوانە سەرژمێری 21:2.‏ § 28:22 شوێنی خواپەرستی.‏