46
چوونی یاقوب بۆ میسر
ئیتر ئیسرائیل بە هەرچییەکەوە کە هەیبوو کۆچی کرد، هاتە بیری شابەع و قوربانی بۆ خودای ئیسحاقی باوکی سەربڕی.
خودا بە شەو لە بینینێکدا بە ئیسرائیلی فەرموو: «یاقوب! یاقوب!»
ئەویش گوتی: «ئەوەتام.»
فەرمووی: «من خودام، خودای باوکتم. مەترسە لە چوونت بۆ میسر، چونکە لەوێ دەتکەمە نەتەوەیەکی مەزن. من لەگەڵ تۆ دێمە میسر، بێگومان خۆشم دەتگەڕێنمەوە. یوسفیش دەستی خۆی دەنێتە سەر چاوەکانت.»
ئیتر یاقوب بیری شابەعی بەجێهێشت، کوڕەکانی ئیسرائیلیش یاقوبی باوکیان و منداڵەکانیان و ژنەکانیان هەڵگرت و سواری ئەو عەرەبانانەیان کردن کە فیرعەون بۆ هەڵگرتنی ئەو ناردبووی. هەروەها یاقوب و هەموو نەوەکانی، لەگەڵ خۆیان مەڕوماڵاتەکەیان و ئەو کەلوپەلانەی لە خاکی کەنعان دەستیان کەوتبوو، هەڵگرت و هاتنە میسر. کوڕ و کوڕەزا و کچ و کچەزاکانی، هەموو نەوەکەی لەگەڵ خۆی هێنایە میسر.
 
ئەمانەش ناوی کوڕەکانی ئیسرائیلن کە هاتنە میسر، واتە یاقوب و نەوەکانی:
 
ڕەئوبێن کوڕە نۆبەرەی یاقوب.
کوڕەکانی ڕەئوبێن:
حەنۆک، پەڵو، حەسرۆن و کەرمی.
10 کوڕەکانی شیمۆن:
یەموئێل، یامین، ئۆهەد، یاکین و چۆحەر، هەروەها شائوول کە لە ژنێکی کەنعانی بوو.
11 کوڕەکانی لێڤی:
گێرشۆن، قەهات و مەراری.
12 کوڕەکانی یەهودا:
ئێر، ئۆنان، شالەح، پێرێز و زەرەح، بەڵام ئێر و ئۆنان لە خاکی کەنعان مردن.
کوڕەکانی پێرێزیش ئەمانە بوون:
حەسرۆن و حامول.
13 کوڕەکانی یەساخار:
تۆلاع، پوڤە، یاشوڤ و شیمرۆن.
14 کوڕەکانی زەبولون:
سەرەد، ئێلۆن و یەحلئێل.
15 ئەمانە کوڕەکانی لێئەن کە بۆ یاقوبی بوون لە پەدان ئارام، لەگەڵ دینەی کچیشی. هەموو کوڕ و کچەکانی سی و سێ کەس بوون.
 
16 کوڕەکانی گاد:
چیفۆن، حەگی، شونی، ئەچبۆن، عێری، ئەرۆدی و ئەرئێلی.
17 کوڕەکانی ئاشێر:
یمنە، یەشڤە، یەشڤی و بەریعە
لەگەڵ سەرەحی خوشکیان.
کوڕەکانی بەریعە:
حەڤەر و مەلکیێل.
18 ئەمانەش کوڕەکانی زیلپە بوون کە لابان دابووی بە لێئەی کچی. ئەویش ئەمانەی بۆ یاقوب خستەوە کە شازدە کەس بوون.
 
19 دوو کوڕەکەی ڕاحێلی ژنی یاقوب:
یوسف و بنیامین.
20 لە خاکی میسریش، مەنەشە و ئەفرایم بۆ یوسف لەدایک بوون لە ئاسنەتی کچی پۆتی‌فەرەعی کاهینی ئۆن.
21 کوڕەکانی بنیامین:
بەلەع، بەکەر، ئەشبێل، گێرا، نەعمان، ئێحی، ڕۆش، موپیم، حوپیم و ئەرد.
22 ئەمانە کوڕەکانی ڕاحێلن کە بۆ یاقوبی بوون. هەموویان چواردە کەس بوون.
 
23 کوڕەکەی دان:
حوشیم.
24 کوڕەکانی نەفتالی:
یەحزئێل، گۆنی، یێچەر و شلێم.
25 ئەمانە کوڕەکانی بیلهە بوون کە لابان دابووی بە ڕاحێلی کچی. ئەویش ئەمانەی بۆ یاقوب بوو. هەموویان حەوت کەس بوون.
 
26 هەموو ئەوانەی لەگەڵ یاقوب هاتنە میسر و لە پشتی ئەوەوە دەرچووبوون، جگە لە ژنانی کوڕەکانی، شەست و شەش کەس بوون. 27 بە هەردوو کوڕەکەی یوسفەوە کە لە میسر لەدایک ببوون، سەرجەمی کەسانی ماڵی یاقوب کە هاتنە میسر، حەفتا* کەس بوون.
 
28 یاقوب یەهودای لەپێش خۆیەوە نارد بۆ لای یوسف هەتا بەرەو گۆشەن ڕێنمایی بکات. ئینجا هاتنە ناوچەی گۆشەن. 29 یوسف گالیسکەکەی خۆی بەستەوە و بەرەو گۆشەن هەڵکشا بۆ پێشوازیکردنی ئیسرائیلی باوکی. کە بینی دەستی لە ملی کرد و بۆ ماوەیەک گریا.
30 ئیسرائیل بە یوسفی گوت: «ئێستا با بمرم، لەدوای ئەوەی ڕووی تۆم بینی و زانیم هێشتا زیندوویت.»
31 ئینجا یوسف بە براکانی و ماڵی باوکی گوت: «دەچم و بە فیرعەون ڕادەگەیەنم، پێی دەڵێم: ”براکانم و ماڵی باوکم کە لە خاکی کەنعان بوون، هاتنە لام. 32 پیاوەکانیش شوانی مەڕن، چونکە خاوەن ماڵاتن، جا مەڕ و مانگاکانیان و هەرچییان هەیە هێناویانە.“ 33 ئینجا ئەگەر فیرعەون بانگی کردن و گوتی: ”کارتان چییە؟“ 34 دەڵێن: ”خزمەتکارانت خاوەن ماڵاتن، لە منداڵیمانەوە هەتا ئێستا، خۆمان و باوباپیرانمان،“ بۆ ئەوەی لە ناوچەی گۆشەن نیشتەجێ ببن، چونکە میسرییەکان قێزیان لە هەموو شوانێکی مەڕ دەبێتەوە.»
* 46:27 بڕوانە دەرچوون 1:5.‏