5
لە ئادەمەوە هەتا نوح
ئەمە تۆماری نەوەکانی ئادەمە.
 
ئەو ڕۆژەی خودا مرۆڤی بەدیهێنا، لەسەر شێوەی خودا دروستی کرد. بە نێر و مێ بەدیهێنان و بەرەکەتداری کردن. ئەو ڕۆژەی بەدیهێنان ناوی لێنان «مرۆڤ».
 
کاتێک ئادەم تەمەنی سەد و سی ساڵ بوو، کوڕێکی بوو لە وێنەی خۆی و لە خۆی دەچوو، ناوی لێنا شیت. دوای لەدایکبوونی شیت، ئادەم هەشت سەد ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. هەموو تەمەنی ئادەم نۆ سەد و سی ساڵ بوو، ئیتر مرد.
کاتێک شیت تەمەنی سەد و پێنج ساڵ بوو، ئەنۆش لە نەوەی ئەو لەدایکبوو. دوای لەدایکبوونی ئەنۆش، شیت هەشت سەد و حەوت ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. هەموو تەمەنی شیت نۆ سەد و دوازدە ساڵ بوو، ئیتر مرد.
کاتێک ئەنۆش تەمەنی نەوەد ساڵ بوو، قێنان لەدایکبوو. 10 دوای لەدایکبوونی قێنان، ئەنۆش هەشت سەد و پازدە ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. 11 هەموو تەمەنی ئەنۆش نۆ سەد و پێنج ساڵ بوو، ئیتر مرد.
12 کاتێک قێنان تەمەنی حەفتا ساڵ بوو، مەهلەلئێل لە نەوەی ئەو لەدایکبوو. 13 دوای لەدایکبوونی مەهلەلئێل، قێنان هەشت سەد و چل ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. 14 هەموو تەمەنی قێنان نۆ سەد و دە ساڵ بوو، ئیتر مرد.
15 کاتێک مەهلەلئێل تەمەنی شەست و پێنج ساڵ بوو، یارەد لە نەوەی ئەو لەدایکبوو. 16 دوای لەدایکبوونی یارەد، مەهلەلئێل هەشت سەد و سی ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. 17 هەموو تەمەنی مەهلەلئێل هەشت سەد و نەوەد و پێنج ساڵ بوو، ئیتر مرد.
18 کاتێک یارەد تەمەنی سەد و شەست و دوو ساڵ بوو، حەنۆخ لە نەوەی ئەو لەدایکبوو. 19 دوای لەدایکبوونی حەنۆخ، یارەد هەشت سەد ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. 20 هەموو تەمەنی یارەد نۆ سەد و شەست و دوو ساڵ بوو، ئیتر مرد.
21 کاتێک حەنۆخ تەمەنی شەست و پێنج ساڵ بوو، مەتوشالح لە نەوەی ئەو لەدایکبوو. 22 دوای ئەوەی حەنۆخ مەتوشالحی بوو، سێ سەد ساڵ دۆستایەتی خودای کرد، هەروەها کوڕ و کچی دیکەشی بوو. 23 ئیتر هەموو ماوەی ژیانی حەنۆخ سێ سەد و شەست و پێنج ساڵ بوو. 24 حەنۆخ دۆستی خودا بوو، ئیتر کەس نەیبینییەوە، چونکە خودا بردی بۆ لای خۆی.
25 کاتێک مەتوشالح تەمەنی سەد و هەشتا و حەوت ساڵ بوو، لامەخ لە نەوەی ئەو لەدایکبوو. 26 دوای لەدایکبوونی لامەخ، مەتوشالح حەوت سەد و هەشتا و دوو ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. 27 هەموو تەمەنی مەتوشالح نۆ سەد و شەست و نۆ ساڵ بوو، ئیتر مرد.
28 کاتێک لامەخ تەمەنی سەد و هەشتا و دوو ساڵ بوو، کوڕێکی بوو. 29 ناوی لێنا نوح* و گوتی: «ئەمە لە کار و ماندووبوونی دەستمان دڵنەواییمان دەکات، کە لەو زەوییە دەیچێژین یەزدان نەفرەتی لێ کردووە.» 30 دوای لەدایکبوونی نوح، لامەخ پێنج سەد و نەوەد و پێنج ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. 31 هەموو تەمەنی لامەخ حەوت سەد و حەفتا و حەوت ساڵ بوو، ئیتر مرد.
32 دوای ئەوەی نوح تەمەنی پێنج سەد ساڵ بوو، سام و حام و یافەتی بوو.
* 5:29 نوح لە وشەی (دڵنەواییکردن) لە زمانی عیبری نزیکە.‏ 5:32 سام: عیبری شێم‏.‏