یەکەم نامەی پۆڵس بۆ کڵێسای سالۆنیکی
1
1 لە پۆڵس و سیلا و تیمۆساوسەوە،
بۆ کڵێسای سالۆنیکییەکان کە لەگەڵ خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆدا بوونەتە یەک:
با نیعمەت و ئاشتیتان لەگەڵ بێت.
سوپاسگوزاری بۆ باوەڕداران
2 هەموو کات لە پێناوی هەر یەکێکتاندا سوپاسی خودا دەکەین و بێ بڕانەوە لە نوێژەکانمان یادتان دەکەین،
3 بەردەوام لەبەردەم خودای باوکماندا ئەو کارانەتان بەبیر دەهێنینەوە کە بەرهەمی باوەڕتانە، هەروەها ئەو ڕەنجەتان کە لە خۆشەویستییەوەیە و ئەو دانبەخۆداگرتنەشتان کە سەرچاوە دەگرێت لە هیواتان بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان.
4 ئەی خوشکان و برایان، خۆشەویستانی خودا، دەزانین کە خودا ئێوەی هەڵبژاردووە،
5 چونکە تەنها بە قسە پەیامی ئینجیلمان بۆ نەهێنان، بەڵکو بە هێز و بە ڕۆحی پیرۆز و بە دڵنیایی تەواوەوە، وەک دەزانن لە پێناوی ئێوە لەنێوانتاندا چ جۆرە کەسێک بووین.
6 ئێوەش لاسایی ئێمە و مەسیحی خاوەن شکۆتان کردەوە، لە تەنگانەیەکی گەورەدا بە خۆشی ڕۆحی پیرۆز پێشوازیتان لە پەیامەکە کرد،
7 تاکو بوونە نموونە بۆ هەموو باوەڕداران لە مەکدۆنیا و ئەخایا.
8 پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ لەلای ئێوەوە بڵاو کرایەوە، نەک تەنها لە مەکدۆنیا و ئەخایا، بەڵکو ناوبانگی باوەڕتان بە خودا لە هەموو شوێنێکدا بڵاو بووەتەوە. لەبەر ئەوە پێویست ناکات هیچ شتێک بڵێین،
9 چونکە خۆیان باسمان دەکەن کە پێشوازیتان لە ئێمە چۆن بووە و چۆن لە بتپەرستییەوە گەڕاونەتەوە بۆ لای خودا، تاکو خودای زیندوو و ڕاست بپەرستن و
10 چاوەڕێی کوڕەکەی بکەن لە ئاسمان، ئەوەی لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە، مەبەست لە عیسایە، کە لە تووڕەیی داهاتووی خودا دەربازمان دەکات.