26
قسەی نۆیەمی ئەیوب
ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
«چۆن یارمەتی ئەوەت دا کە هێزی نییە!
چۆن بازووی بێ توانات گرت و ڕزگار کرد!
چۆن ڕاوێژت کرد بۆ ئەوەی دانایی نییە!
چۆن زانینی زۆرت دەرخست!
بە یارمەتی کێ وتەکانت ڕاگەیاند و
ڕۆحی کێ لە زارتەوە قسەی کرد؟
 
«تارماییەکان لە جیهانی مردوواندا
لە سامناکی خودا دەلەرزن.
جیهانی مردووان لەبەردەم خودا ئاشکرایە،
شوێنی لەناوچوون* شاردراوە نییە.
ئاسمانی باکوور بەسەر بۆشاییدا لێک دەکێشێت و
زەوی لەسەر هیچ هەڵدەواسێت.
ئاو لەناو هەورەکانی دەپێچێتەوە و
هەور لەژێری نادڕێت.
ڕووی مانگی چواردە شەوە دەشارێتەوە،
هەوری خۆی بەسەردا بڵاو دەکاتەوە.
10 ئاسۆی لەسەر ڕووی ئاوەکان کێشاوە
وەک سنوور لەنێوان ڕووناکی و تاریکی.
11 کۆڵەکەکانی ئاسمان دەلەرزن و
لە سەرزەنشتکردنەکەی دەتۆقن.
12 بە هێزی خۆی دەریا دەهەژێنێت و
بە تێگەیشتنی خۆی زەبر لە ڕەهەڤ دەوەشێنێت.
13 بە هەناسەی ئەو ئاسمان ساماڵە و
دەستی ئەو مارە هەڵاتووەکەی پێکا.
14 بێگومان ئەمانە شتە دەرەکییەکانی کارەکانی ئەون.
هەواڵەکانی بە چرپە دێنە بەر گوێمان!
ئیتر کێ لە هەورەتریشقەی هێزی تێدەگات؟»
* 26:6 لەناوچوون: عیبری: ئەبەدۆن‏. لە پەیمانی نوێ، ئەم وشەیە بە واتای (لەناوبەر) هاتووە، بڕوانە ئاشکراکردن 11:9‏‏.‏ 26:12 هێمایە بۆ میسر.‏