22
هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «بە هارون و کوڕەکانی بڵێ: ”با ئاگاداری خۆیان بن لە قوربانییە پیرۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل و ناوی پیرۆزی من نەزڕێنن، ئەوانەی بۆ منی تەرخان دەکەن، من یەزدانم.“
«پێیان بڵێ: ”نەوە لەدوای نەوە، ئەگەر هەرکەسێک لە نەوەکانتان بەپێی ڕێوڕەسم گڵاو بێت و لە قوربانییە پیرۆزەکان نزیک بووەوە کە نەوەی ئیسرائیل بۆ یەزدانی تەرخان دەکەن، ئەوا ئەو کەسە لەبەردەمم دەبڕدرێتەوە. من یەزدانم.
«”هەرکەسێک لە نەوەی هارون کە نەخۆشی گواستراوەی پێست یان لێچوونی هەبێت، هەتا پاک دەبێتەوە لە قوربانییە پیرۆزەکان نەخوات. هەر یەکێکیش دەست لە شتێکی گڵاوی مردووێک بدات، یان کەسێک تۆوی لێچووبوو، یان دەستی لە خشۆکێک دابێت کە پێی گڵاو بێت، یان لە مرۆڤێک کە پێی گڵاو بێت لەبەر هەر گڵاوییەک کە هەیەتی، ئەوەی دەست لە هەریەک لەو شتانە بدات ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت و نابێت لە قوربانییە پیرۆزەکان بخوات هەتا خۆی بە ئاو نەشوات. کاتێک خۆر ئاوا دەبێت، پاک دەبێتەوە و پاشان لە قوربانییە پیرۆزەکان بخوات، چونکە خۆراکی ئەوە. نابێت ئاژەڵی مردارەوەبوو و نێچیر بخوات، چونکە پێی گڵاو دەبێت. من یەزدانم.
«”کاهینەکان دەبێت خواستەکانم بپارێزن، نەوەک گوناهێک هەڵبگرن کە پێی بمرن، ئەگەر بە سووکی ڕەفتاری لەگەڵ بکەن. من یەزدانم کە پیرۆزیان دەکەم.
10 «”نابێت کەس لە قوربانی پیرۆزکراو بخوات جگە لە کەسوکاری کاهینەکە. میوان و کرێگرتەی کاهینیش نابێت لە قوربانی پیرۆزکراو بخۆن، 11 بەڵام ئەگەر کاهین کۆیلەیەکی بە زیو کڕی، یان کۆیلەیەک لە ماڵەکەی لە دایک بێت، ئەوا ئەو کۆیلەیە دەتوانێت لێی بخوات، ئەوان لە خۆراکەکەی دەخۆن. 12 ئەگەر کچی کاهین شووی بە پیاوێکی جگە لە کاهین کرد، ئەوا نابێت لە بەخشینە پیرۆزەکان بخوات. 13 بەڵام ئەگەر کچی کاهین بوو بە بێوەژن یان تەڵاق درا و هیچ وەچەی نەبوو و هاتەوە ماڵی باوکی، وەک کاتی کچێنی، ئەوا دەتوانێت لە خۆراکی باوکی بخوات. بەڵام نابێت کەسێکی دیکە لێی بخوات، جگە لە کەسوکاری کاهینەکە.
14 «”ئەگەر کەسێک بە هەڵە قوربانییەکی پێشکەشکراوی خوارد، ئەوا دەبێت پێنجیەکی زیاد بخاتە سەر و قوربانییە پیرۆزەکە بداتە کاهینەکە. 15 کاهینەکان نابێت قوربانییە پیرۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل گڵاو بکەن کە لەبەردەم یەزدان دایدەنێن، 16 ئەگەر ڕێیان پێبدەن قوربانییە پیرۆزەکانیان بخۆن ئەوا گوناهیان دەخەنە ئەستۆ، چونکە من یەزدانم کە پیرۆزیان دەکەم.“»
قوربانی قبوڵ نەکراو
17 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 18 «لەگەڵ هارون و کوڕەکانی و هەموو نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”ئەگەر هەر یەکێکتان، ئیسرائیلی بێت یان بیانییەک کە لە ئیسرائیل نیشتەجێیە، بەخشینێک پێشکەش بە یەزدان بکات وەک قوربانی سووتاندن بۆ ئەنجامدانی نەزر یان بەخشینێک کە بە خواستی خۆی بێت، 19 بۆ ئەوەی لێتان وەربگیرێت، دەبێت نێرێکی ساغ بێت، لە گاگەل یان ماڵات. 20 هەرچییەک کەموکوڕی تێدابێت پێشکەشی مەکەن، چونکە لێتان وەرناگیرێت. 21 ئەگەر کەسێک قوربانی هاوبەشی پێشکەشی یەزدان کرد، بۆ بەجێهێنانی نەزرێکی تایبەت یان بەخشینێکی بە خواستی خۆی، لە گاگەل یان لە مێگەل، دەبێت ساغ بێت بۆ ئەوەی قبوڵ بکرێت. نابێت هیچ کەموکوڕییەکی تێدابێت. 22 کوێر و بریندار و پەلشکاو و بالوکەدار و گەڕ و زامداری بەردەوام، ئەمانە پێشکەش بە یەزدان مەکەن و لێیان مەکەن بە قوربانی بە ئاگر لەسەر قوربانگاکەی یەزدان. 23 بەڵام گا* و بەرانی شێوە تێکچوو و کورتەباڵا دەتوانیت بکەیت بە بەخشینێک بە خواستی خۆت، بەڵام بۆ تەواوبوونی نەزر قبوڵ نابێت. 24 پێویستە ئاژەڵێک نەکەنە قوربانی بۆ یەزدان کە گونی قۆڕ بێت یان خەسابێت یان گونی لێکرابێتەوە یانیش بڕا بێت، لە خاکەکەشتان مەیکەن. 25 لە هەموو ئەمانەش پێویست ناکات بە هەر ئاژەڵێکی دەستی بیانی ڕازی ببن و پێشکەشیان بکەن وەک خواردنی خوداتان. لێتان وەرناگیرێت، چونکە ئەو ئاژەڵانە ناتەواون و کەموکوڕییان تێدایە.“»
26 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 27 «کاتێک گوێرەکەیەک یان بەرخێک یان گیسکێک لەدایک دەبێت، ئەوا حەوت ڕۆژ لەژێر دایکی دەبێت و لە ڕۆژی هەشتەم بەدواوە، وەک قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان قبوڵ دەبێت. 28 مانگا و مەڕیش لە یەک ڕۆژدا لەگەڵ بەچکەکەی سەرمەبڕن.
29 «کاتێک قوربانی سوپاسگوزاریتان بۆ یەزدان سەربڕی، بە شێوەیەک سەری ببڕن کە لێتان وەربگیرێت، 30 دەبێت لەو ڕۆژەدا بخورێت، بۆ بەیانی لێی مەهێڵنەوە، من یەزدانم.
31 «”فەرمانەکانم بپارێزن و جێبەجێیان بکەن، من یەزدانم. 32 ناوی پیرۆزیشم مەزڕێنن، دەبێت نەوەی ئیسرائیل دان بە پیرۆزی مندا بنێن. من یەزدانم کە پیرۆزیان دەکەم، 33 ئەوەی لە خاکی میسر دەریهێنان، تاکو ببێتە خوداتان، من یەزدانم.“»
* 22:23 گا: لە زمانی عیبری دەشێت ئەم وشەیە بۆ نێر و مێ (چێڵ و گا) بەکاربهێنرێت.‏