29
ڕۆژی دەنگی کەڕەنا
«”لە یەکی مانگی حەوت، کۆبوونەوەی پیرۆزبوون دەبەستن، هیچ کارێکی ئاسایی ناکەن، بۆتان دەبێتە ڕۆژی دەنگی کەڕەنا. قوربانی سووتاندنێک دەکەن بۆ ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، یەک جوانەگا و یەک بەران و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ، هەروەها پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، سێ دەیەکی ئێفەیەک* بۆ جوانەگاکە و دوو دەیەک بۆ بەرانەکە و دەیەکێک بۆ هەر بەرخێک لە حەوت بەرخەکە. گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه بۆ کەفارەتکردن بۆتان، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی سەرەمانگان و ڕۆژانە، لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەیان و شەرابە پێشکەشکراوەکەیان وەک نەریتەکەیان، قوربانی بە ئاگرن بۆ یەزدان، ئەو بۆنەیە کە یەزدان پێی خۆشە.
ڕۆژی کەفارەت
«”لە ڕۆژی دەیەمی ئەم مانگی حەوتەدا کۆبوونەوەی پیرۆزبوون دەبەستن و گیانی خۆتان زەلیل دەکەن، هیچ کارێک ناکەن. قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن، ئەو بۆنەی پێی خۆشە، یەک جوانەگا و یەک بەران و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ بن، لەلایەن ئێوەوە دەبێت. پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، سێ دەیەکی ئێفەیەک بۆ جوانەگا و دوو دەیەک بۆ بەران و 10 دەیەکێک بۆ هەر بەرخێک لە حەوت بەرخەکە. 11 گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی گوناه بۆ کەفارەتکردن و قوربانی سووتاندنی بەردەوام و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەیان.
جەژنی کەپرەشینە
12 «”لە ڕۆژی پازدەی مانگی حەوتیش کۆبوونەوەی پیرۆزبوون دەبەستن، هیچ کارێکی ئاسایی ناکەن و حەوت ڕۆژ بۆ یەزدان دەیکەن بە جەژن. 13 قوربانی سووتاندنیش پێشکەش دەکەن، قوربانی بە ئاگر، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، سێزدە جوانەگا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ لەلایەن ئێوەوە دەبێت. 14 پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، سێ دەیەکی ئێفەیەک بۆ هەریەک لە سێزدە جوانەگاکە و دوو دەیەک بۆ هەریەک لە دوو بەرانەکە. 15 دەیەکێک بۆ هەریەک لە چواردە بەرخەکە. 16 هەروەها گیسکێکی نێر بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.
17 «”لە ڕۆژی دووەم دوازدە جوانەگا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن. 18 لەگەڵ جوانەگاکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان. 19 گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەیان.
20 «”لە ڕۆژی سێیەم یازدە جوانەگا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن. 21 لەگەڵ جوانەگاکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان. 22 هەروەها گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.
23 «”لە ڕۆژی چوارەم دە جوانەگا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن. 24 لەگەڵ جوانەگاکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان. 25 هەروەها گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.
26 «”لە ڕۆژی پێنجەم نۆ جوانەگا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن. 27 لەگەڵ جوانەگاکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان هەروەک نەریتەکەیان. 28 گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.
29 «”لە ڕۆژی شەشەم هەشت جوانەگا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن. 30 لەگەڵ جوانەگاکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان. 31 هەروەها گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.
32 «”لە ڕۆژی حەوتەم حەوت جوانەگا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن. 33 لەگەڵ جوانەگاکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان. 34 هەروەها گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.
35 «”لە ڕۆژی هەشتەم ئاهەنگی کۆتایی دەگێڕن، هیچ کارێکی ئاسایی ناکەن. 36 قوربانی سووتاندن پێشکەش دەکەن، قوربانی بە ئاگر، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، یەک جوانەگا و یەک بەران و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ، 37 پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان و شەرابی پێشکەشکراویان بۆ جوانەگا و بەران و بەرخەکان بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان، 38 هەروەها یەک گیسکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.
39 «”لە جەژنەکانتان، سەرەڕای نەزر و بەخشینە ئازادەکانتان، ئەمانە بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن: قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەرابی پێشکەشکراو و قوربانی هاوبەشی.“»
40 موسا بەگوێرەی هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کرد، لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلدا دوا.
* 29:3 سێ دەیەکی ئێفەیەک نزیکەی 6,5 و دوو دەیەک نزیکەی 4,5 لیتر.‏ 29:4 دەیەکێک: نزیکەی دوو لیتر.‏ 29:7 مەبەستی لە خۆبێبەشکردنە لە (خواردن و خواردنەوە یان جووتبوون لەگەڵ هاوسەر… هتد). لێرەدا زیاتر کات تەرخان دەکرێت بۆ نوێژکردن و پاڕانەوە. بڕوانە یەکەم نامەی پۆڵس بۆ باوەڕدارانی کۆرنسۆس 7‏:5 و یۆحەنا 4:34‏‏.‏