زەبووری 124
گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود.
«ئەگەر یەزدان لایەنگرمان نەدەبوو،»
با ئێستا ئیسرائیل بڵێت،
«ئەگەر یەزدان لایەنگرمان نەدەبوو،
کاتێک خەڵک لێمان هەستان،
ئەوا بە زیندوویی قووتیان دەداین،
کاتێک قینیان لە دژمان جۆشا،
ئەوا لافاو ڕایدەماڵین،
لێشاو گیانمانی دەبرد،
ئەوا ئاوی هەڵچوو
گیانمانی دەبرد.»
 
ستایش بۆ یەزدان،
کە ئێمەی نەکردە نێچیری بەر کەڵبەیان.
گیانمان وەک چۆلەکە لە داوی ڕاوچی دەربازبوو،
داوەکە پسا و ئێمە دەربازبووین.
هانامان بە ناوی یەزدانەوەیە،
دروستکەری ئاسمان و زەوی.