زەبووری 129
گۆرانی گەشتیاران.
«لە گەنجییەتیم زۆر هەراسانیان کردم!»
با ئێستا ئیسرائیل بڵێت:
«لە گەنجییەتیم زۆر هەراسانیان کردم!
بەڵام بەسەرمدا زاڵ نەبوون.
جوتیارەکان جووتیان لەسەر پشتم کرد و
هێڵی جووتەکانیان درێژکردەوە.»
بەڵام یەزدان ڕاستودروستە،
پەتی بەدکارانی پچڕاند.
 
با هەموو ئەوانەی ڕقیان لە سییۆنە
ڕیسوا بن و ببەزن.
با بە دەردی گیای سەربان بچن،
پێش ئەوەی گەشە بکات وشک دەبێت،
ئەوەی نە دەستی دروێنەکەر پڕ دەکات و
نە باوەشی گیشەکەر*.
با ئەوانەی بەلایانەوە تێدەپەڕن پێیان نەڵێن:
«بەرەکەتی یەزدانتان لێ بێت!
بە ناوی یەزدان داوای بەرەکەتتان بۆ دەکەین!»
* زەبووری 129:7 ئەو کەسەیە کە لەدوای دروێنەکەران گوڵە گەنمەکان بە باوەش کۆدەکاتەوە.‏