زەبووری 24
زەبوورێکی داود.
زەوی و هەرچی تێدایە هی یەزدانە،
جیهان و ئەوانەی تێیدا دەژین،
چونکە لەسەر دەریاکان بناغەی داناوە و
لەسەر ڕووبارەکان دایمەزراندووە.
 
کێ سەردەکەوێتە سەر کێوی یەزدان؟
کێ لە جێگای پیرۆزی ئەو دەوەستێت؟
ئەوەی دەست پاک و دڵی بێگەرد بێت،
ئەوەی مەیلی شتی پووچ نەکات و
بە درۆ سوێند نەخوات.
 
لە یەزدانەوە بەرەکەت بەدەستدەهێنێت،
لە خودای ڕزگارکەری بێتاوانکردن.
ئەمەیە ئەو نەوەیەی دوای یەزدان دەکەوێت،
ئەوەی ڕوویان لە تۆ دەکەن، ئەی خودای یاقوب.*
 
ئەی دەروازەکان، سەر هەڵبڕن!
ئەی دەرگا دێرینەکان، بەرزبنەوە،
هەتا پاشای شکۆمەندی بێتە ژوورەوە.
ئەم پاشایەی شکۆمەندی کێیە؟
یەزدانی بەهێز و دەسەڵاتدارە،
یەزدانی پاڵەوان لە جەنگ.
ئەی دەروازەکان، سەر هەڵبڕن!
ئەی دەرگا دێرینەکان، بەرزبنەوە!
هەتا پاشای شکۆمەندی بێتە ژوورەوە.
10 ئەم پاشایەی شکۆمەندی کێیە؟
یەزدانی سوپاسالار پاشای شکۆمەندییە.
* زەبووری 24:6 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتی 10، وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏