زەبووری 61
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئامێری ژێدار، زەبوورێکی داودە.
ئەی خودایە، گوێت لە هاوارم بێت،
گوێ لە نوێژەکەم بگرە.
 
لەوپەڕی زەوییەوە هاوار بۆ تۆ دەکەم،
کە دڵم لاواز دەبێت،
پێشڕەویم بکە بۆ سەر تاشەبەردێکی لە خۆم بڵندتر،
چونکە تۆ پەناگای منی،
قوللەیەکی بەهێزی لە ڕووی دوژمن.
 
با هەتاهەتایە لە پیرۆزگای تۆدا نیشتەجێ بم و
پەنا بهێنمە ژێر سێبەری باڵەکانت.*
ئەی خودایە، چونکە تۆ گوێت لە نەزرەکانم گرت،
منت کردە میراتگر لەگەڵ ئەوانەی ترسی ناوی تۆ لە دڵیانە.
 
درێژە بدە بە ڕۆژانی تەمەنی پاشا،
بە ساڵانی تەمەنی بۆ نەوە دوای نەوە.
با هەتاهەتایە لە ئامادەبوونی خودا دابنیشێت،
دڵسۆزی و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت ئەو بپارێزن.
 
ئەوسا هەتاهەتایە گۆرانی بۆ ناوی تۆ دەڵێم،
ڕۆژ بە ڕۆژیش نەزرەکانم بەجێدەهێنم.
* زەبووری 61:4 لە دەقی عیبری لێرە وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏