زەبووری 76
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێری ژێدار. زەبوورێکی ئاساف. گۆرانییەک.
لە یەهودا خودا ناسراوە،
لە ئیسرائیلدا ناوی گەورەیە!
کەپری لە شالیمە*،
هەواری لە سییۆنە.
لەوێ تیرە گڕدارەکان و
قەڵغان و شمشێر و جەنگەکانی تێکشکاند.
 
تۆ ڕەوشەنی،
لە چیای نێچیرەکان شکۆدارتری.
قارەمانەکان ماڵیان بە تاڵان چوو،
دوایین خەوی خۆیان نوستن،
هیچ جەنگاوەرێک نەیتوانی دەست بکاتەوە.
ئەی خودای یاقوب، بە سەرزەنشتی تۆ،
ئەسپ و سوار پێکەوە کەوتنە خەوێکی قووڵەوە!
 
تۆ خۆت بەسامیت!
لە کاتی تووڕەییت، کێ لەبەردەمت ڕادەوەستێت؟
لە ئاسمان حوکمت بیسترا،
زەوی ترسا و کپ بوو،
بە هەستانی خودا بۆ دادوەری،
بۆ ڕزگارکردنی هەموو ستەملێکراوانی زەوی.
10 بێگومان تووڕەیی مرۆڤ ستایشت دەکات،
خۆتت بە پاشماوەی تووڕەیی چەکدار کردووە.
 
11 نەزر بۆ یەزدانی پەروەردگارتان بکەن و بەجێی بهێنن.
ئەی هەموو ئەوانەی لە دەوریدان،
دیاری پێشکەش بە سامناک بکەن.
12 ئەوەی ڕۆحی میرەکان دەشکێنێت،
سامناکە بۆ پاشاکانی سەر زەوی.
* زەبووری 76:2 واتە (ئاشتی)، مەبەست لە شاری ئۆرشەلیمە (قودس).‏ زەبووری 76:3 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتی 9، وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏