زەبووری 97
یەزدان پاشایەتی دەکات، با زەوی دڵخۆش بێت،
دوورگە زۆرەکان شادمان بن.
هەور و تەم لە دەوروپشتی ئەوە،
ڕاستودروستی و دادپەروەری بنچینەی تەختی ئەوە.
ئاگر لەپێشیەوە،
دوژمنەکانی دەوروبەری دەسووتێنێت.
بروسکەکانی جیهان ڕووناک دەکەنەوە،
زەوی چاوی پێکەوت و لەرزی.
چیاکان وەک مۆم لەبەردەم یەزدان توانەوە،
لەبەردەم پەروەردگاری هەموو جیهان.
ئاسمان ڕاستودروستییەکەی ڕادەگەیەنێت،
هەموو گەلان شکۆمەندی ئەویان بینی.
 
ئەوانەی پەیکەر دەپەرستن شەرمەزار دەبن،
ئەوانەی شانازی بە بت دەکەن.
ئەی هەموو خوداوەندەکان، کڕنۆشی بۆ ببەن.
 
سییۆن بیستی و شادمان بوو،
کچانی یەهودا دڵخۆش بوون،
بە حوکمەکانت، ئەی یەزدان،
چونکە لەسەر هەموو زەوی تۆ هەرەبەرزی،
تۆ لە هەموو خوداوەندەکان پایەبەرزتری.
10 با دۆستانی یەزدان ڕقیان لە بەدکاری ببێتەوە،
لەبەر ئەوەی گیانی خۆشەویستانی دەپارێزێت و
لە دەست خراپەکاران دەربازیان دەکات.
11 ڕووناکی لەسەر ڕاستودروستان دەدرەوشێتەوە و
شادییش بۆ دڵڕاستەکان.
12 ئەی ڕاستودروستان، بە یەزدان شاد بن،
ستایشی ناوە پیرۆزەکەی بکەن.