زەبووری 126
گۆرانی گەشتیاران.
کە یەزدان ڕاپێچکراوانی سییۆنی گەڕاندەوە،
وامان لێهات وەک خەون ببینین.
ئەو کاتە دەممان پڕ پێکەنین و
زمانمان پڕ هەلهەلە بوو،
ئەوسا لەنێو نەتەوەکان گوتیان:
«یەزدان کارێکی گەورەی لەگەڵ ئەوان کرد!»
یەزدان کارێکی گەورەی لەگەڵ ئێمە کرد،
شادمان بووین.
 
ئەی یەزدان، ڕاپێچکراوانمان بگەڕێنەوە،
وەک جۆگەکانی نەقەب*.
ئەوانەی بە فرمێسکەوە دەچێنن،
بە هەلهەلەوە دروێنە دەکەن.
ئەوەی بە گریانەوە دەڕوات و
تۆو بۆ چاندن بار دەکات،
بە هەلهەلەوە دێتەوە و
بەرهەمەکەی بە مەڵۆ بار دەکات.
* زەبووری 126:4 دەکەوێتە خوارووی فەلەستین، بۆیە لە زمانی عیبری بە واتای باشووریش دێت.‏