زەبووری 127
گۆرانی گەشتیاران، بۆ سلێمان.
ئەگەر یەزدان خانووەکە دروست نەکات،
وەستاکان بێ سوود خۆیان ماندوو دەکەن.
ئەگەر یەزدان چاودێری شارەکە نەکات،
پاسەوان بێ سوود ئێشک دەگرێت.
بێ سوودە بۆتان زوو هەستان و دانیشتن هەتا درەنگی شەو،
خواردنی نانی ڕەنجکێشی،
چونکە خەو بە خۆشەویستانی خۆی دەبەخشێت.
 
بێگومان منداڵان میراتن لە یەزدانەوە،
پاداشتی بەری سکن.
وەک تیری دەستی پاڵەوان،
ئاوان کوڕانی مرۆڤی گەنج.
خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی تیردانی خۆی لەوان پڕکردووە،
شەرمەزار نابێت کە لە دادگا* لەگەڵ دوژمنان دەکەوێتە دەمەقاڵێ.
* زەبووری 127:5 عیبری: لە دەروازە. لە کەلتوری عیبری دادگا لە دەروازەی شار بووە، زۆر جار وشەی دەروازە لەبری دادگا بەکاردێت.‏