زەبووری 3
زەبوورێکی داودە کاتێک لە دەستی ئەبشالۆمی* کوڕی هەڵات.
ئەی یەزدان، دوژمنانم چەند زۆرن!
چەند زۆرن لە دژم سەریان هەڵداوە!
زۆر کەس لەبارەی منەوە دەڵێن:
«خودا ڕزگاری ناکات.»
 
بەڵام تۆ ئەی یەزدان، قەڵغانی منیت،
شکۆمەندی منیت و سەرم بەرز دەکەیتەوە.
پڕ بە دەنگم هاوار بۆ یەزدان دەکەم،
ئەویش لە کێوی پیرۆزی خۆیەوە وەڵامم دەداتەوە.
 
ڕادەکشێم و دەخەوم،
بەئاگادێمەوە، چونکە یەزدان پشتگیریم دەکات.
لە دەیان هەزار کەس ناترسم،
ئەوانەی دەوریان گرتووم.
 
ئەی یەزدان، ڕاپەڕە!
ئەی خودای من، ڕزگارم بکە!
بێگومان لە بناگوێی دوژمنەکانم دەدەیت و
کەڵبەی بەدکاران وردوخاش دەکەی.
 
ڕزگاری لە یەزدانەوەیە،
با بەرەکەتەکەت لەسەر گەلەکەت بێت.
* زەبووری 3: سێیەم کوڕی داود بوو، ناکۆکی لەگەڵ داودی باوکی هەبوو و سەرکردایەتی یاخیبوونێکی کرد لە دژی. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە دووەم ساموئێل بەشەکانی 13‏–18.‏ زەبووری 3:2 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتی 4 و 8، وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏