زەبووری 4
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێرە ژێدارەکان. زەبوورێکی داود
ئەی خودای ڕاستودروستم،
کە لێت دەپاڕێمەوە وەڵامم بدەوە.
لە تەنگانەدا بە هانامەوە هاتی،
لەگەڵم میهرەبان بە و گوێ لە نوێژەکەم بگرە.
 
ئەی خەڵکینە، هەتا کەی شکۆی من دەگۆڕن بە شورەیی؟
هەتا کەی حەز لە قسەی پووچ دەکەن و بەدوای درۆدا دەگەڕێن؟*
بەڵام بزانن کە یەزدان دڵسۆزەکانی بۆ خۆی تەرخان کردووە.
یەزدان گوێم لێ دەگرێت کاتێک لێی دەپاڕێمەوە.
 
کاتێک تووڕە دەبن، گوناه مەکەن،
بەڵام کە لەسەر نوێنەکانتانن
لە دڵی خۆتاندا لێکی بدەنەوە و بێدەنگ بن.
قوربانیی ڕاستودروست بکەن و
پشت بە یەزدان ببەستن.
 
زۆر کەس دەڵێن: «کێ چاکەمان نیشان دەدات؟»
ئەی یەزدان، با ڕووناکی ڕووی تۆ بەسەرماندا هەڵبێت.
تۆ خۆشییەکی وات خستووەتە دڵی منەوە
زۆر لەوانە زیاترە کە دانەوێڵە و شەرابیان زۆرە.
 
ئەی یەزدان، بە ئاشتی پاڵ دەدەمەوە و دەخەوم،
چونکە تەنها تۆ بە ئاسوودەیی نیشتەجێم دەکەیت.
* زەبووری 4:2 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتی 4، وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏ زەبووری 4:6 خودا بە چاکەکانی بەسەرمان بکاتەوە، بڕوانە سەرژمێری 6:24‏-26.‏