زەبووری 46
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، گۆرانییەکی کوڕانی قۆرەح لەسەر ئاوازی عەلامۆت*.
خودا پەناگا و هێزمانە،
لە تەنگانەدا زۆر بەهاناوە دێت.
بۆیە ترسمان نییە ئەگەر زەویش بلەرزێت،
ئەگەر چیاکانیش بکەونە ناو قووڵایی دەریاکانەوە،
ئەگەر ئاوەکەشی بجۆشێت و کەف بکات،
چیاکانیش لە سەرکێشی ئەو بلەرزن.
 
ڕووبارێک هەیە جۆگەکانی شاری خودا شاد دەکات،
ئەو شوێنە پیرۆزەی کە هەرەبەرز تێیدا نیشتەجێیە.
خودا لە ناوەڕاستدایە، بۆیە هەرگیز ناکەوێت،
لەگەڵ بەرەبەیاندا خودا بەهاناوە دێت.
نەتەوەکان هەڵدەچن و شانشینەکان دەکەون،
خودا دەنگی بەرز دەکاتەوە و زەوی دەتوێتەوە.
 
یەزدانی سوپاسالار لەگەڵمانە،
خودای یاقوب پەناگامانە.
 
وەرن سەیری کردارەکانی یەزدان بکەن،
ئەو وێرانکارییەکانی بەسەر زەویدا هێناوە.
جەنگەکان ڕادەگرێت هەتا ئەوپەڕی جیهان،
کەوانەکان دەشکێنێت و ڕمەکان پارچەپارچە دەکات،
گالیسکەکان بە ئاگر دەسووتێنێت.
10 «هێوربنەوە، بزانن کە من خودام،
لەنێو نەتەوەکان پایەم بەرز دەبێتەوە،
لەسەر زەوی بەرز دەبمەوە.»§
 
11 یەزدانی سوپاسالار لەگەڵمانە،
خودای یاقوب پەناگامانە.
* زەبووری 46: جۆرە ئاوازێکە، واتا بە دەنگی کچان.‏ زەبووری 46:3 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتەکانی 7 و 11، وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏ زەبووری 46:4 ئۆرشەلیم، بڕوانە ئاشکراکردن 21، حزقیێل 40‏‏.‏ § زەبووری 46:10 خودا بۆ نەتەوەکان قسە دەکات.‏