زەبووری 47
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،
زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.
1 ئەی هەموو نەتەوەکان، چەپڵە لێبدەن،
بە هاواری شادییەوە هوتاف بۆ خودا بکێشن.
 
2 یەزدانی هەرەبەرز بە سامە،
پاشایەکی گەورەیە بەسەر هەموو زەوییەوە.
3 نەتەوەکانی خستە ژێر دەستمان،
گەلانی خستە ژێر پێمان.
4 میراتی بۆ هەڵبژاردین،
ئەو خاکە کە شانازی نەوەی یاقوبە،
ئەوانەی کە ئەو خۆشیویستن.*
 
5 لەناو هوتافی شادی خودا بەرزبووەوە†،
یەزدان بەرزبووەوە، لەگەڵ دەنگی کەڕەنا.
6 گۆرانی ستایش بۆ خودا بڵێن، گۆرانی ستایش،
گۆرانی ستایش بۆ پاشامان بڵێن، گۆرانی ستایش.
7 خودا پاشای هەموو زەوییە،
هۆنراوەی ستایشی بە گۆرانی بۆ بڵێن.
 
8 خودا پاشایەتی نەتەوەکان دەکات،
خودا لەسەر تەختی پیرۆزی خۆی دادەنیشێت.
9 سەروەرانی گەلان وەک گەلی خودای ئیبراهیم کۆبوونەوە،
چونکە پاشاکانی‡ زەوی هی خودان،
ئەو پایەی زۆر بەرزبووەوە.
* زەبووری 47:4 لە دەقی عیبری لێرە وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏ † زەبووری 47:5 بۆ تەختی خۆی، لە کاتی هاتنی سندوقی پەیمان بۆ ناو پەرستگا.‏ ‡ زەبووری 47:9 عیبری: قەڵغانەکان.‏